تبليغاتX
هه‌واره چه‌له‌نگ نشینه‌کان - سێبه‌رت ده‌گرمێـــــــنێ ...


هه‌واره چه‌له‌نگ نشینه‌کان

من له هه‌واری چه‌له‌نگ نشینه‌کانی خواره‌وه قسان ده‌که‌م

نێوان من و تۆ

سێ نوخته‌یه له‌سه‌ر دێـــــــــــڕ...

هاوبه‌شیمان

ئاسمانێک و یه‌ک خۆر

مانگێک و کۆمه‌ڵێ ئه‌ستێره

زه‌وییه‌ک و پێداگری سێبه‌ر‌ێک

نوقم بوونێ له فینجانه‌که‌ی جۆزا و

گرسانی غوربه‌تی په‌ناهه‌نده‌یه‌ک

کچێنیت وه‌ستاوه

له ئه‌رشیڤی قه‌یران و

شاگه‌شکه‌ بوونی ئیشڕاقی ڕامووسان

غه‌زه‌ل نووسی ساته‌کانمی

که شاعیر نیــــــ‌م، تۆ ئه‌دوێنم و

که‌ره‌سته‌ی هه‌ڵوه‌شانم قه‌مته‌ری سره‌وتنته

له ده‌سپێکی نه‌بوونت

تارێکم ته‌نیوه ، نۆبه‌ره‌ی به‌خت بوون و

ده‌ڵێنی په‌له‌پیتکه‌ی نه‌بزه‌کانم

سێبه‌رت ده‌گرمێـــــــنێ

له‌گه‌ڵ وه‌رینی هه‌ر گه‌ڵا ده‌رزیله‌یێ له دار

گوڵ نه‌بوویت...

که من ئه‌بینم پاجۆشی به‌خت و

نه‌بوونت شینتر له خۆت

ساڵیانێکه جێ ماوم

له غوربه‌تی ئۆردووگایێ که به‌ڕوویه و

تۆش په‌ناهه‌نده‌ی شه‌وقی ئه‌و

که هه‌ر تۆیی کڕێــــــوی ده‌که‌ی

په‌شێو نیم و تۆ ئه‌دوێنم

له کازێوی تێپه‌ڕیــــنت  به سه‌ڕ گۆنام

هه‌‌ر خۆت ده‌تگووت: خه ونێکم دیوه سپی...

خۆت بوویت و من بووم

ئاسمانێک و یه‌ک خۆر و

مانگێک و کۆمه‌ڵێ ئه‌ستێره

زه‌وییه‌ک و باڵه‌فڕکه‌ی ڕێـــــــــــژنه‌ی گوناح

به‌داخه‌وه...

چیرۆکی من نه ئه‌مه بوو لاره‌مل ئه‌نگاوته‌ی فیدا بوونت بێ

من ته‌نیا،  به‌دوای سیبه‌رێکا بووم

 که کچ بوو و

کچێنی پێو‌ه‌ری حیلکاندنی بورجێکی سه‌رکێش

نێوان من و تۆ

ئه‌م سێ نووخته‌یه و به‌س (...)

هاوبه‌شیمان هه‌ر شتێک بێ

هه‌ر باربووی دێــــــــــــــــــڕ‌‌کانه و هیچ .

                                        هه‌رمان و‌ه‌تمانی

                            مه‌هاباد ـ خه‌زه‌ڵوه‌ری 1387 هه‌تاوی

 

نوشته شده در ساعت توسط هه‌رمان وه‌تمانی| |


Design By : Night Skin